لە درێژەی داخوازی پێشوو دا بۆ پێکهێنانی کەمپیینی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ بۆ بەرگریی لە مافی گەلی کورد، لە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی و خەباتکارانی مافی مرۆڤ لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کورد لێیان نیشتەجێیە و هەروەها لە هەموو لایەنگرانی ماف و دادپەروەریی و ئازادی و دێموکراسی لە هەموو شوێنێکی جیهان داو دەکرێت کە ببنە ئەندامی کەمپینی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ بۆ بەرگریی لە مافی گەلی کورد کە ئێستا خەریکی پێکهاتنە. هاوکات داوا لە مافناسان و کارناسان دەکرێت کە بە دەربڕین و ناردنی پێشنیارە بەنرخەکانییان، یارمەتیی ئەو بنکە کاتییە بدەن کە بە زوویی بۆ ڕێکخستنی پێڕەوی کەمپیین پێک دەهێندرێت. ئاشکرایە ئەم پێڕەوە پێویستە ئامانج و ڕێکار و بەرنامە و چالاکییە سەرەکییەکانی کەمپیینی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤی بەرگری لە گەلی کورد لەخۆ بگرێت.
مەحەمەد سەدیق کەبوودوەند
زیندانی ئەوین، ٢٦ دێسامبری ٢٠١١